مەسرور بارزانی: هەوڵێكی جددی بدرێت بۆ هێنانی گەشتیاری بیانیش بۆ هەرێمی كوردستان

* سەرۆکی حکومەت سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەولێر كردەوە


ئەمڕۆ سێشەممە 5/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی (METEX) لە هەولێر كردەوە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی بواری گەشتوگوزار بەشدار بوون.

لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی پێشانگەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد كە ئەجێندا و سیاسەتی حكومەت لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی كوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەتی گەشتوگوزار و كەرتی گشتییە. هەروەها ڕوونیکردەوە كە حكومەت هەوڵێكی زۆری داوە تاوەكوو ئاسانكاری بكات و هاوكار بێت بۆ پەرەپێدان بەم كەرتە بەو ئامانجەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێت. جەختیشی كردەوە كە یەكێك لەو هۆكارانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی بتواندرێت زیاتر كوردستان بە دونیا بناسێندرێت، ئەوەیە كە گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزار بدرێت تاكوو خەڵكێكی زیاتر بێ و تێكەڵاوی خەڵكی كوردستان بێ و شارەزای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بێت، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا
خوشك و برایانی بەڕێز
زۆر زۆر بەخێربێن

بە تایبەتی بەخێرهاتنی دیپلۆماتكارەكان، نوێنەرانی كونسوڵخانەكان، نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكان دەکەم، ئەوانەی كە بەشدارن ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە، هەروەها هەموو كۆمپانیا ناوخۆییەكان و نوێنەرەكانیان .

ئامادەبووانی هێژا:

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە سێیەم پێشانگای (مێتێكس)ی گەشتوگوزاری لە شاری هەولێر كە ئەمە بێگومان هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری. شاراوە نییە كە بەشێك لە ئەجێندا و سیاسەتی حكوومەتی هەرێم لە بووژانەوە و پێشخستنی ئابووریی كوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەتی گەشتوگوزاری و كەرتی گشتییە. بە شێوەیەكی گشتی هەم حكوومەت و هەم كەرتی تایبەت بە یەكەوە بتوانن گرنگی بە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری بدەن.

ئێمە لەو ماوەیە هەوڵێكی زۆرمان داوە كە ئاسانكاری بكەین و وەكوو حكوومەتیش هاوكار بین تاكوو پەرە بەم كەرتە بدرێ بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێ و ئێمە ئەو كەرتانەی كە یارمەتیدەرن بۆ بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان، وەكوو خۆی گرنگییان پێ بدەین و پاڵپشتیان بین.

هەرێمی كوردستان شوێنێكی زۆر دەوڵەمەندە، هەم لە رووی مێژوو، هەم لە رووی كولتوور، لە ڕووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، جوانیی سرووشت. دەبێ هەوڵی ئەوەش بدرێ كە خزمەتگوزاریی زیاتریش دروست بكرێ بۆ هاندانی خەڵكێك چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان تا بتوانن سوود لەو كەرتە وەربگرن.

من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایە دەكەم و دەستخۆشی لە بەشداربووانی كۆمپانیاكان دەكەم كە بەشدارن لێرە كە بێگومان ئەمە هەمووی بەیەكەوە لەگەڵ حكوومەت، دەتوانێت خزمەتێكی زیاتری خەڵكی كوردستان بكات.

ئێمە دەمانەوێ جگە لەوەی كە خەڵكی ئێمە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی جیهان دەكەن، هەوڵێكی جددی بدرێت بۆ هێنانی گەشتیاری بیانیش بۆ هەرێمی كوردستان. پێشتر هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە بۆ ناساندنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان بە دەرەوە، بەڵام زیاتر باسی ئەو كارەساتانەمان كردووە كە بەسەر نەتەوەكەماندا هاتبوو، بە چ قۆناخێكی سەختدا تێپەڕیوین، بەڵام دەبینین كە كوردستان زۆر زیاتری هەیە كە پێشانی جیهانی بدات و خەڵكێك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بێن و كوردستان ببینن، هەم لە ڕووی جوگرافییەوە چەند شوێنی سەرنجڕاكێش و جوان و دڵگیری هەیە، هەم فێری مێژووی كوردستانیش ببن كە بە چ قۆناغێكدا تێپەڕیوین. كوردستان بێگومان ناوچەیەكە كە چەندین دەسەڵات و حوكمڕانی لەم ناوچەیەدا بوون و تێپەڕیون. لە لایەكی ترەوە ئەم كولتوورە جوانەی كە لە كوردستاندا هەیە، پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی كە ئەوەی لە كوردستان هەیە وێنەی نییە، پێویستە ئێمە زیاتر پێشانی خەڵكی بدەین.

یەكێك لەو هۆكارانەی كە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر كوردستان بە دونیا بناسێنین، ئەوەیە كە گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزار بدەین تاكوو خەڵكێكی زیاتر بێ، هەم سەردانمان بكات، هەم تێكەڵاوی خەڵكی كوردستان بێ و زیاتر شارەزای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بێت. ئێمە دەمانەوێ گرنگیی بە پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار لە چەند ڕوویەكەوە بدەین:
لە ڕووی جوگرافییەوە، هەر ناوچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەمانەوێ گرنگیی بە هەر ناوچەیەك بدەین و ئەو جوانییە سرووشتییەی لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان هەیە، ئەوانە بەرجەستە بكەین. 
دەمانەوێ گرنگیی بە مێژووی كوردستان بدەین، یەكێك لەو نموونانە قەڵای هەولێرە كە یەكێكە لە كۆنترین شارەكانی جیهان و بە تایبەتی قەڵای هەولێر كە كۆنترین شاری جیهانە و شەش هەزار ساڵ پێش زایین كە ژیانی تێدا بەردەوام بووە تاكوو ئەمڕۆ، دەوروبەری قەڵاتیش، چەندین شوێنی مێژوویی تر حەفتانە و مانگانە دەدۆزرێنەوە. كوردستان خۆی هەموو ساڵێك دەبینین كە شوێنی جیاوازی مێژوویی تێیدا دەدۆزرێنەوە، ئەوانە هەمووی دەكرێ ببن بە بەشێك لە پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری. كەواتە گرنگیدان بە مێژووی ناوچەكەی خۆمان و ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنە مێژووییانە، ئەوانە هەمووی یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری.
لە لایەكی ترەوە پێشخستنی سیستەمی خزمەتگوزاری، چ خزمەتگوزاریی پزیشكی بێت، چ خزمەتگوزاریی ئەو گەشتیارانە بێت كە بۆ چێژوەرگرتن لە سرووشت و بۆ بەسەربردنی كاتەكانی خۆیان دێن بۆ كوردستان، ئێمە گرنگیی بەم بەشانەش بدەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كەسانەی دێنە هەرێمی كوردستان، بە ڕوویەكی خۆشەوە پێشوازییان لێ بكرێ و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە شایستەی خەڵكێكن كە سەردانمان دەكەن، پێشكەشیان بكەین. كوردستان ناسراوە بەوەی مێواندۆستە، دەمانەوێ ئەو مێواندۆستییە بە شێوەیەكی مۆدێرنیش لە چێشتخانەكانمان، لە هۆتێلەكانمان، لە شوێنە گەشتیارییەكانمان، پێشانی دۆست و هەڤاڵانمان بدەین كە دێن و سەردانی كوردستان دەكەن.
چەندین پرۆژەی گرنگ لەبەر دەستی حكوومەتن كە ئەم پرۆژانە دەكرێ ببن بە بنەمایەک بۆ پێشخستنی چەندین پرۆژەی هاوشێوە لە دەوروبەری پرۆژە گشتییەكان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار، بەشێكی گرنگی ئەو پرۆژانە خەریكە دەكەونە كار و بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە، هەر لە زاخۆوە بگرە تاكوو هەڵەبجە لە هەموو شوێنەكان بەرنامەی حكوومەت هەیە بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە، هەروەكوو باسم كرد هەر شوێنێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەمانەوێ گرنگیی بە هەموو ناوچەكانی كوردستان بدەین. كە یەكێك دێت سەردانی شارێك یان شارۆچكەیەكی كوردستان دەكات، دەمانەوێ بۆ بابەتێكی تریش بچێت سەردانی شارێكی تری كوردستانیش بكات. جوانیی كوردستان لەوەدایە كە زۆر زۆر سرووشتێكی جیاوازی هەیە، بەڵام دڵی هەموو كوردستانییەك فراوانە و میواندۆستە، كەواتە شتێكی هاوبەش لە هەموو كوردستاندا دەبیندرێت كە گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی دەكات.

جگە لەوەی كە ئێمە لە ڕێگەی گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزار و هێنانی گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بێگومان هەلی كاریش لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر دەكات و وادەكات خەڵكێكی زۆر لە كەرتی تایبەت بۆ خۆیان ببن بە خاوەن پیشە و كاری خۆیان و زۆر كەس كە تاكوو ئێستا لەوانەیە كاریان نییە، بەهۆی پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری، هەلی كاری زیاتریان بۆ دەڕەخسێت و كوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشكەوتن و بووژانەوە دەنێت.

من جارێكی تر دەستخۆشی لە بەشداربووان دەكەم، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، هیوادارم هەموو لایەكتان سەركەوتوو بن، كوردستان هەمیشە لە پێشكەوتندا بێت و وڵاتمان ئاوەدان بێت.

زۆر زۆر بەخێر بێن.

ھەواڵی زیاتر