قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، لە سەرەتای ڕەمەزانەوە تاکوو ئێستا بەهۆی سەرپێچییەوە 40 شوێن داخراون و 10 کەسیش دراونەتە دادگا.
هەینی 28ـی ئاداری 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە لیژنەکانمان کارەکانیان چڕتر کردەوە، دەرچوونەکان زیاتر بوونە، بە تایبەت شەوانە تا بەرەبەیان، چونکە بە ڕەمەزان بازاڕ بە شەوان گەرم وگوڕترە.
قایمقام دەڵێت: لە سەرەتای ڕەمەزانەوە تاکوو ئێستا بەهۆی سەرپێچییەوە 40 شوێن داخراون و 10 کەسیش دراونەتە دادگا، لەبەر ئەوەی سەرپێچییەکانیان گەورە بوو، بە بڕیاری دادوەر بەند کراون.
دەشڵێت: دوێنێ، 26ـی ئادار، دەست بەسەر زیاتر لە 500 کیلۆ گۆشتدا گیرا، چونکە دەرکەوت ئاژەڵەکان لە دەرەوەی سەربڕخانەکان سەر بڕا بوون و هەروەها گۆشتەکەش شیاو و تەندروست نەبوون بۆ خواردن، جگە لەوەی مۆڵەتی ڤێتەرنەری نەبوو.
نەبەز عەبولحەمید، گوتیشی: زۆرترین ماددەی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرابێت خورمایە، زیاتر لە 30 تۆن خورمای ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ بڕێکی زۆر شینەمەنی و چەرەزاتی ماوە بەسەرچوو، کە شیاوی خواردن نەبوون.
ڕاشیگەیاند “سزای ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن جۆراو جۆرە، هەندێکیان بەند کردنە، و هەندێکی دیکەیان سزاکەیان ماددیە لە 5 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات.”