چوار ئەندامی داعشی ڕادەستی نەمسا کرایەوە
شاندێکی نەمسا چووە ڕۆژاوای کوردستان و دوو منداڵ و دوو ئافرەتی داعشی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگرت.
میدیای نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوی کردەوە “شاندێکی نەمسا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کۆ بووەوە.”
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنی و مرۆیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕەوشی کەمپەکان تاوتوێ کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لە چوار چێوەیەدا، شاندی نەمسا دوو منداڵ و دوو ئافرەتی چەکدارانی داعشی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگرتن و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەی.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، ڕووسیا ڕایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی 100 منداڵی ڕووس لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.