مەسرور بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ، لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا، لەمبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە.