کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆتاییهات و تەیف سامی بڕیاری دا سبەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
سەرچاوەیەک لە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، جارێ دیارنییە بڕی ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت چەندە، بەڵام تەیف سامی رایگەیاندووە، سبەی دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک دەکەن.
دوو رۆژە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. رۆژی هەینی، 31-01-2025، بە سەرپەرشتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
هێشتا مووچەی مانگی 12ـی پار دابەش نەکراوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى ساڵی رابردووی دابەشکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مووچەى سەرجەم مانگەکانی 2024ـی ناردووە.