ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی مووچەوە

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەمان مامەڵەش لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ و پارێزگاکانی دیکە دەکرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتەکە لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، “دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە”.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، “هۆکاری دواکەوتنی مووچە جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو، هەروەها هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە”.

وەزارەتە عێراقییەکە لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، ئەوان هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نین.

ھەواڵی زیاتر