سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە

* وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی هیوادارین کە لەئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.

ھەواڵی زیاتر