شایستەی دارایی کارمەندانی سەرژمێری گەیشتووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “بەم نزیکانە دابەش دەکرێت.”
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، کارزان مەنتک، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “شایستەی دارایی کارمەندانی سەرژمێری گەیشتووە و بڕیارە بەم نزیکانە دابەش بکرێت.”
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم هەفتەیە شایستەی دارایی کارمەندانی سەرژمێریی دابەش دەکرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، پارەکە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و هەر پارێزگایەک بەسەر کارمەندانی سەرژمێریی سنوورەکەی دابەشی دەکات.
کارزان مەنتک لەبارەی بڕی پارەکەوە گوتی: “بڕی 250 هەزار دیناری عێراقی وەک شایستەی دارایی یەک مانگی کارمەندانی سەرژمێری دابەش دەکرێت.”
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەشکرد: “زیاتر لە 21 هەزار کارمەندی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان شایستەی دارایی وەردەگرن.”
لەبارەی شایستە بۆ خۆراک، خولی راهێنان و شایستەی هاندان، کارزان مەنتک گوتی: “بڕی 80 هەزار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە کە جیاوازە لەو 250 هەزارەی وەک شایستەی دارایی دیاریکراوە.”
بەگشتی لە تەواوی عێراق 150 هەزار کارمەندی سەرژمێری شایستەی دارایی وەردەگرن و زیاتر لە 21 هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.