سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ كاروباری عێراق: بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
دوێنێ هەینی 6/12/2024، محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان بۆ كاروباری عێراق لە میانی لەوتارەکەیدا سەبارەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە. دوای دووساڵ لە دانوستان و دواخستن هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیشەوە، گوتی: “لە 20 مانگی10، بە چاوی خۆم لە هەولێر و دهۆک پرۆسەی دەنگدانم بینی، سەردانی بنکەکانی هەڵبژاردنم کرد و بینیم بنکەکان زۆر بەڕێکوپێکی بەڕێوە دەچوو.”
گوتیشی:” لەنێو زیاتر لە 7 هەزار بنکەی دەنگداندا، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد، بەمەش ڕێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا گەیشە %72 واتا ڕێژەکە %12 لە هەڵبژاردنەکانی زیاترە پێشوو.”
هەروەها نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان بۆ عێراق، باسی لە بەشداریکردنی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد و به بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی وەسفی کرد و ڕایگەیاند:”لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان، 31 کورسیی ئافرەتان بەدەستیان هێناوە. ئەمەش زیاترە لەو ڕێژەیەی دانراوە كە 30%ـە، ئەمەش پرۆسەیەکی ئەرێنییه.”
هەروەها گوتیشی:” لە کاتێکدا دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامە، لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارن لەوەی ئافرەتان بتوانن دەستیان بە پۆستە سیاسییەکان بگات.”