سودانی دڵنیایی بە مووچە خۆران دەدات
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوودانی رایگەیاندووە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان “مسۆگەرە”.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ حیزبەکەی لە سلێمانی، گوتی، باسیان لە چەند پرسێک کرد، لەوانە: کێشەی مووچە، سەرژمێری لە هەڵەبجە، کێشەی جووتیاران، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەڵەبجە و چەند بابەتێکی دیکەیش.
د. موسەننا ئەمین گوتیشی، بەشێکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی تایبەت بوو بە کێشەکانی مووچە، لەو بارەیەوە سوودانی رایگەیاند، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان “مسۆگەرە و پارەی پێویست بۆ مووچە دابین دەکەین”، بەڵام هەندێکجار کێشە هونەرییەکان دەبنە هۆکاری دواکەوتنی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر و سلێمانیی کرد. پێکهێنانی حکومەت، هەناردەکردنەوەی نەوت، رێگەی گەشەپێدان و مووچە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی سوودانی و لایەنەکان بوون.