عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕین دەڵێ، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین حکوومەتی سەرتاسەری پێک بھێندرێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین پارتی خزمەتی خەڵک دەکات.
عەلی حوسێن گوتیشی: ئێمە وەک پارتی ڤیتۆمان لەسەر ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە و بهڕێز مەسرور بارزانی، بۆ سەرۆکی دەیەمین کابینەی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕادەسپێردرێت كه بەرنامەی خۆی دەبێت ئهویش بەرنامەی پارتییە، ئامانجیشمان یەک حکوومەتی سەرتاسەری و یەک ھێزی پێشمەرگە و ئیرادەی سیاسییە کە گوزارشت لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بکات.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕین، زیاتر گوتی: لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێکی پارتی دەستبەکار دەبێت و سەردانی لایەنەکان دەکات، ئەوەی ئامادە بێت بە بەرنامەی پارتی و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو پابەند بێت، ئامادەین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین و حکوومەتی لەگەڵ پێکبێنین.