وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت.
ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەی:
ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە بەڕێزان ڕێباز عەباس ڕاوێژکاری وەزارەت و کۆڤان تەحسین بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری، بەهاوکاری بەڕێزان فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەبەغدادو ئیخلاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەشاری بەغدان، لەو ماوەیەدا چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوەو لەسەر ئەم بابەتانەی خوارەوە گەیشتونەتە ڕێکەوتن. ١-دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە بڕی ( ٥٩٨،٠٠٠،٠٠٠ ) ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان. ٢- لەسەر بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لەڕۆژی هەینی ( ٢٠٢٤/١٠/٤ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت. ٣-ڕونکردنەوەو زانیاری پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبیانوی جیاواز ڕاگیرابوون، بەداتاو زانیاری دروست و نوسراوی فەرمی پێشکەش بەفەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراو بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت. ٤- دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنیەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لەمووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەهەفتەی داهاتودا، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٤/١٠/٢