بە گوژمەی 470 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای ههولێر، بەردی بناغەی قیرتاوکردنی شەقامی چەند گەڕەکێک دانرا.
ئەمڕۆ شەممە 28ی 9ی 2024، لە ژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری ناحیەی هیران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ناوچەکە، لە ڕێورەسمێکدا بە گوژمەی (470 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگا، بەردی بناغەی قیرتاوکردنی شەقامی چەند گەڕەکێکی ناحیەی هیران بە درێژی ( 21 هەزار مەتر دووجا) دانرا.
لە ڕێو رەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕایی پیرۆزبایی لە دانیشتوانی ناحیەکە، ڕایگەیاند: “بە پشتیوانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کە هەمیشە تەئكید لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەکاتەوە، بەبێ جیاوازی لە ناو شار و دەرەوەی شار، دەستمان بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە کردووە، یەکێک لەوانە ئەم پڕۆژەیەیە، کە سوودێکی زۆر بە دانیشتوانى چەند گەڕەکێکی ناحیەکە دەگەێنێت، ئومێد دەکەین ببێتە مایەى ڕەزامەندیى دانیشتوانى و لە ماوەی دیاریکراوی خۆی تەواو بێت”.
گوتیشی: “لەم گەڕەکە و لە بەشێکى تر لە گەڕەک و شوێنانەکانى تری سنووری پارێزگای هەولێر ئێستا پڕۆژەیان لێ ئەنجام دەدرێت، بەشێک لەو پڕۆژانە لەم نزیکانە دەستیان پێدەکرێت و بەشێکیشیان دەستیان پێکراوە، سەرجەمی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەش لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، ئێمەش لە پارێزگاى هەولێر ئەوەى لە تواناماندابێت بەپێى ئیمکانیات و بودجەى بەردەست بەردەوام دەبین لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان”.