وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچە ڕوونکردنەوە دەدات
وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و مووچەخۆران، کە مووچە لە وادەی خۆی دابەش دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19-09-2024، وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاویکردەوە و دەڵێت، بەمدواییانە هەندێک کەسایەتیی باس لە لێدوانێک دەکەن کە گوایە بەناوی وەزیری دارایی بڵاوبووەتەوە، بەوەی وەزارەتەکە ناتوانێت لە مانگەکانی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەران بدات، “ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە و وەزیری دارایی ئەو لێدوانەی نەداوە.”
وەزارەتی دارایی پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە، کە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە حەشدی شەعبییەوە لە وادەی خۆی دەدات، بەگوێرەی یاسا و رێکخستنە کارپێکراوەکان.
هەروەک وەزارەتەکە داوا لە رای گشتیی، میدیاکار و هەمووان دەکات، کە گرنگی بەم بابەتە دەدەن، بەدوای ئەو پڕوپاگەنادانە و هەواڵی ناڕاست نەکەون. بۆ دەستخستنی زانیاری راست و دروستیش، پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن.
لە عێراق نزیکەی 11 ملیۆن مووچەخۆر هەن. مانگانە لە دوای 18 مانگەوە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
ژێدەر
رووداو