ڕێکخەرێکی نوێ بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دانرا

بە نووسراوێک، دانا ئەحمەد مەجید، بەبێ دەنگدان کرایە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەبێ هەڵبژاردن و بە نووسراوێکی عومەری سەید عەلی، دانا ئەحمەد مەجید کراوەتە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەمە لەکاتێکدایە عومەری سەید عەلی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکە دەسەڵاتی بڕیاردانی نەماوە و دەبوو دوای هەڵبژاردنی جڤاتی گشتی و جفاتی نیشتمانی، خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرابووایە و بە دەنگدان ڕێکخەری گشتی دانرابا.

پێشتریش دانا ئەحمەد مەجید ڕاگەیاندبوو: “ڕاستە گۆڕان دەیانەوێت ببم بە ڕێکخەری گشتی و هەموو لایەک ڕازین و خۆشم ڕازیم، بەڵام پێویست دەکات هەندێک ڕێکار بگیرێنەبەر”.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەمساڵ بزووتنەوەی گۆڕان دووەمین کۆنفرانسی ناوخۆیی سازکرد و 32 باژێڕوانی وەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژارد. لە هەنگاوی دووەمدا ڕۆژی نۆی ئەم مانگە سەرۆک و جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتى هەڵبژێردران، بڕیار بوو ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنیش هەڵبژێردرێن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێو بزووتنەوەکە بۆ دوای هەڵبژاردن دواخرا.

ھەواڵی زیاتر