نوێترین زانیاری لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە
بەڕێوەبەرێکى جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى پێشمەرگە رایگەیاند، هەوڵدەدرێت مووچەی خانەنشینانى پێشمەرگە لە مانگى 9 مووچەکانیان بەهاوتاکراوى دابەشبکرێت.
هادى ئەکرەم، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى پێشمەرگەى سلێمانى رایگەیاند، کێشەى بەردەم هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە نزیکەى سێ هەزار پلەدارى پێشمەرگەیە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە مووچەکانیان هاوتابکرێت.
گوتیشى “ئەوانەى لە بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کورد بەشداربوون و پلەیان پێدراوە ئەوانە مووچەکانیان کەمدەکات لەبەرئەوە لە هەوڵى چارەسەرکردنی گرفتى ئەوانین و بۆ مانگى ئاب بەهەمان لیستى مووچەى مانگى تەمموز خانەنشینانى پێشمەرگە مووچە وەردەگرن و بۆ مانگى ئەیلول مووچەکانیان هاوتادەکرێت”.
بەرپرسەکەى خانەنشینى پێشمەرگەى سلێمانى باسیلەوەشکرد، زۆرینەى خانەنشینانى پێشمەرگە بە هاوتاکردنى مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانى سەربازیى عێراق مووچەکانیان زیاددەکات و هەموو مووچە کەمەکان دەکرێتە 600 هەزار دینار.