دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئاماژەمان بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی (63)مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانیی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە جیاوازییەکانیەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی.
پاشان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو کە گفتوگۆکردن بوو لە سەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاوتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار وڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم بەجۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەکە و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفیی).
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و ڕەچاوکردنی تێبینی وسەرنجەکانی دیکە بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لەبەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9 هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازیی، کار وکاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانەسروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستەڕوو کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووری فیدڕاڵ وهەرێم لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان ، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ ، دۆسێیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور .
هیوادارین ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا .
دووپاتیشمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.