لە هەولێر کێشەی کەمئاوی نامێنێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: تا 30 ساڵی دیکە، هەولێر تووشی کێشەی کەمئاوی نابێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دادەنرێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پرۆژەکەی بە “یەکێک لە پێویستیترین و گرنگترین پرۆژەکانی کوردستان” ناو برد و گوتی، “بە قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، هەولێر کێشەی کەمئاوی نابێت. داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێک بخرێتەوە تاوەکوو بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیەندرێت”.

لەو ڕێوڕەسمەدا خالد خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیایاکانی هێمن گرووپ، ڕایگەیاند “ئەم پرۆژەیە کێشەیەکی گەورەی شاری هەولێر چارە دەکات، ئەویش بە بڕیاری سەرۆکوەزیران و پاڵپشتی ئەوان، پرۆژەی ڕاکێشانی ئاوی زێی گەورە بۆ ناو شاری هەولێر دادەنرێت”.

خاوەنی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ دەڵێت: لەسەردەمی مەلیکییەوە تاکوو ئێستە، تەنیا بڕی 13 هەزار مەتری چوارگۆشە ئاو لە کاتژمێرێکدا لە زێی گەورە بۆ هەولێر هاتووە. بەڵام ئەم پرۆژەیە لە یەک کاتژمێردا، 20 هەزار مەتری چوارگۆشە ئاو لە زێی گەورە دەگەیەنێتە ناو شاری هەولێر، ئەم بڕەش پێداویستی بۆ یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتیی بەپێی ستانداردی جیهانیی دابین دەکات.

دەشڵێت: بەدروست کردنی ئەم پرۆژە کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر بەیەکجاریی کۆتایی دێت، لای خۆمانەوە سوپاسی مەسرور بارزانی دەکەین کە شەرەفی ئەم پرۆژەی بە ئێمە بەخشی و متمانەی بە ئێمە کردووە.

خاوەنی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ ئاماژەی بەوەش دا “متمانەی سەرۆکوەزیران هێز و توانامان پێ دەدات، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و کەمترین کات ئەم پرۆژە ستراتیجییە جێبەجێ بکەین”.

خالید خۆشناو ڕاشیگەیاند، دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم پرۆژە بە کوالێتییەکی بەرزتر لەوەی داوامان لێ کراوە و بە کەمترین ماوە بیخەینە خزمەتی خەڵکی هەولێر، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، کە لەم پرۆژەدا پێنج هەزار کارمەند بە سێ شیفت بەردەوام کاری تێدا دەکەن.

ھەواڵی زیاتر