وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی كۆلێراوە هۆشداری بە هاووڵاتییان ده‌دات

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. لەبارەی کۆلێراوە هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: نەخۆشییەکی سەختی سکچونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت. 

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە هۆشدارییەکدا بڵاویکردەوە، کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت، لە رێگای خواردنی خۆراک یان ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە. 

 وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌،  زۆرێک لەو کەسانەی تووشی کۆلێرا دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، بەڵام هەندێکی تر تووشی سکچوونی ئاوی توند و وشکبوونەوەی لەش دەبن کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت. 

 وه‌زاره‌ت باس لە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا دەکات کە بریتین لە (سکچوونی ئاوی توند، ڕشانەوە، گرژبوونی ماسولکەکان، وشکبوونەوەی لەش وەک ووشکبوونەوەی دەم، تینوێتی زۆر، سەرگێژ خواردن. 

 ڕاشگه‌یه‌ندراوه‌، ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە پاک و خاوێنییان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک سنووردارە، زۆرترین مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا هەیە، هەروەها گەشتیارانی ئەو ناوچانەش مەترسییان لەسەرە و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، زوو زوو دەستەکانت بە ئاو و سابون بشۆ، بەتایبەت دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن، تەنها ئاوی پاک بخۆرەوە، ئەگەر دڵنیا نەبوویت لە سەرچاوەی ئاوەکە، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک خولەک بیکوڵێنە، تەنها خواردنی تەواو کوڵاو و گەرم بخۆ، پێش خواردنی میوە و سەوزە توێکڵەکەی لێبکەرەوە.

وەزارەتی تەندروستی  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، کۆلێرا نەخۆشییەکە کە چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان.

 له‌ كۆتاییدا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە، چارەسەرکردن دوا مەخە، چونکە وشکبوونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان. 

ھەواڵی زیاتر