دوای هەشت کاتژمێر لە كەوتنەوەی ئاگرەكەی شەقامی 60 مەتریی هەولێر، بەرەبەیانیی ئەمڕو كۆنترۆڵ كرا و زیانەكانی بە چوار ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 27ـی ئاب، دوای هەشت کاتژمێر لە ئاگرەكەی شەوی رابردوو لە بازاڕی جوانكاریی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگرەكەی كۆنترۆڵ كرا.
بەهۆی كەوتنەوەی ئەو ئاگرەوە 23 كەس بریندار بوون، بەگوتەی خاوەن دوكانەكان، 32 دوكان و كۆگە سووتاون و زیانەكانی ئاگرەكە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلارە.
شاخەوان جاف گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رایگەیاند، دوای ئاگاداركردنەوەیان، تیمەكانیان رەوانەی شوێنی ئاگرەكە كردووە، هەموو هەوڵێك دراوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە.
زیاتر گوتی، هیچ زیانی ئاگرەكە و هۆكارەی دیاری نییە، لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامن و بەهۆی ئاگرەكەوە كۆگەكانی بەشی پشتەوەی بازاڕەكە بەتەواوی سووتاون.