لە ڕێگهى نامهى ئهلیكترۆنیهوه ههڕهشهى تهقاندنهوهی سەدان ناوەندو دامەزراوەی جوەکانی کەنەداو نەخۆشخانەو کۆمپانیاکانی هیندستان لە کەنەدا دەکرێت.
پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندوە، ئیمەیڵەکان لەکاتژمێر 5:11 خولەکی بەیانی بۆ نزیکەی 125 دامەزراوەو ڕێکخراوی تایبەت بەڕەوەندی جوەکان لەسەرتاسەری کەنەدا نێردراوەو هەڕەشەی تەقاندنەوەیان لێکراوە.
هەمان ئیمەیڵی هەڕەشەی تەقاندنەوە بۆ زیاتر لە 100 نەخۆشخانەو کۆمپانیای تایبەتو دامەزراوەی حکومەتیی هیندستان ڕەوانە کراوە.
پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامنو لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان هەوڵدەدەن سەرچاوەی شوێنی ناردنی ئیمەیڵەکان بدۆزنەوە کە هەڕەشەی تەقاندنەوەی ناوەندو دامەزراوەی جوەکانی کەنەداو نەخۆشخانەو کۆمپانیاکانی هیندستان کراوە.
لای خۆیەوە ڕەوەندی ئیسرائیلو جوەکانی کەنەدا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەرکەوتوە هیچ هەڕەشەیەکی جیددی لەئارادانییە، تەنها مەبەست لەناردنی ئیمەیڵەکان بڵاوکردنەوەی ترسو نیگەرانییو تێکدانی ژیانی خەڵکە.
هەر لەمبارەوە جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوەو نوسیویەتی:”هەڕەشە بۆ سەر زیاتر لە 100 دامەزراوەی جوەکان لەسەرتاسەری کەنەدا تەنها دژایەتییەکی ئاشکرای جوەکانەو کارێکی قێزەونو ناشرینە”.
هەروەها حاخام ڕوبن پۆپکۆ کە سەرپەرشتی کەنیشتی مۆنتریال دەکات دەڵێت:”یەکێک لەئیمەیڵە هەڕهشاوییەکانی پێگەیشتوە؛ مەبەست لەناردنی ئەو ئیمەیڵە هێرشکردنەسەر دەرونی کۆمەڵگەیەو تۆقاندنی جوەکانە، ئەمەش هەوڵێکە بەدڵنیاییەوە شکستیهێناوە، چونکە جوەکان بەردەوام لەژیانێکی ئاساییدان”.