ئێران هەرەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دەکات

لەیەکەم لێدوانیدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، خوێنی ئیسماعیل هەنیە بەفیڕۆ ناچێت و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هێشتا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕەهەند و وردەکارییەکانی ڕووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، ئەو کارە پەیوەندی نێوان ئێران و فەلەستین پتەوتر دەکات.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشە دەکات و دەڵێت، “خوێنی ئیسماعیل هەنیە بەفیڕۆ ناچێت”.

وتیشی: “شەهید بوونی برای موجاهید ئیسماعیل هەنییە لە تاران، پەیوەندیی قووڵ و نەپساوەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و فەلەستینی ئازیز و مقاوەمە پتەوتر دەکات.”

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هێرشێکدا لە ناوجەرگەی تاران ئیسماعیل هەنیە و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان کوژران و ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕووداوەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەن.

ھەواڵی زیاتر