مەسرور بارزانی: ڕێکخرای تیرۆریستیی داعش هێشتا مایەی هەڕەشە و مەترسییە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-07-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی و هاوخەمیی “قووڵی”ـی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید جوامێر عەزیر ڕەشید کرد کە ئەمڕۆ بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر شەهید بوو.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکە دەخوازم”.

بە گوتەی مەسرور بارزانی، “ئەم هێرشەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە، هێشتا مایەی هەڕەشە و مەترسییە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان”.

ئەمە لە کاتێکدایە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شارەدێی  قەرەهەنجیر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک پاش دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی ورد و  بۆ دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش چوون پاش ڕووبەڕووبوونەوە، تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیر کراوە.

ھەواڵی زیاتر