شارەزایەكی كەشناسی ئاشکرای دەکات کە كەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی قوربان زۆر گەرم و پرووكێنەر دەبێت.
هەڤاڵ گڵۆزەیی، شارەزای كەشناسی ئاشکرای کرد کە پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی جەژنی قوربان، شەپۆلێكی تری گەرمای تاقەتپرووكێنەر و بەتین، سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرێتەوە.
گووتیشی، پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و دۆخێكی كەشوهەوای وا دروست دەبێت، هەست بەگەرمایەكی بێزاركەر دەكەیت، بەهۆی بوونی شێی ڕێژەیی و بەرزبوونەوەی لە بەرگەهەوای زەوی، كاریگەریی ئەم شەپۆلی گەرمایە لە ڕۆژانی سێیەم و چوارەمی جەژنی قوربان زیاتر دەبێت.
باسی لەوەش كرد، پلەكانی گەرما لە بەغدا سەرووی 50 پلەی سیلیزی تێپەڕ دەكات لەبەر سێبەر، لە هەندێ شارەكانی باشووری عێراق پلەكانی گەرما (54_55) پلە سیلیزی تێپەڕ دەكات دەگاتە نیوەی كوڵان.
لەبارەی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە، لە ناوچەكانی باشووری هەرێمی كوردستان لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان (كەلار) پلەكانی گەرما لە سێیەم و چوارەم ڕۆژی جەژنی قوربان، دەگاتە (51 _52)سیلیزی، هەروەها كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا كۆتایی هەفتەی سێیەمی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت.