پلەی گەرمای زەوی بەرزتر دەبێتەوە

رێکخراوی جیهانیی کەشناسی: پلەی گەرمای زەوی بەرزتر دەبێتەوە.

رێکخراوی جیهانیی چاودێری کەشوهەوا رایگەیاند، لە پێنج ساڵی داهاتوودا تێکڕای پلەکانی گەرمای جیهان 1.5 پلە گەرمتر دەبێت و چاوەڕواندەکرێت یەکێک لەو پێنج ساڵە بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمار بکرێت.

رێکخراوەکە کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە نوێترین راپۆرتیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە تێکڕای پلەی گەرمای جیهان لەنێوان ساڵانی 2024 بۆ 2028 بە 1.1 بۆ 1.9 پلەی سیلیزی زیاتر دەبێت لەو گەرمییەی لەنێوان 1850 تاوەکو 1900 تۆمارکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە یەکێک لەو  پێنج ساڵەی ئاماژەیان بۆ کراوە دەبێتە گەرمترین ساڵ و ئەو پێوانە دەشکێنێت کە لە ساڵی 2023دا تۆمارکراوە کە تاوەکو ئێستا بە گەرمترین هەژمارکراوە و تێیدا 1.4 پلە بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو.

ئەوەی رێکخراوەکە تێبینیکردووە ئەوەیە لە ماوەی نێوان حوزەیرانی ساڵی 2023 تاوەکو ئایاری ئەمساڵ بەرزترین گەرما تۆمار کراوە، کە 1.63 پلەی سیلیزی لە پێش تێکڕای ماوەی پیشەسازی لە ساڵانی 1850 تاوەکو 1900.

کۆ باریت، جێگری ئەمینداری گشتی رێکخراوی جیهانیی چاودێری کەشوهەوا، دەڵێت: “لە پشتەوەی ئەو ئامارە راستەقینە رەشبینانە ئەوە هەیە ئێمە تەواو دوورین لە رێڕەوی دروست بۆ بەدیهێنانی ئامانجە دیارەکانی رێککەوتننامەی پاریس، پێویستە کاری زیاتر بکەین و خێرابین لە کەمکردنەوەی دەردانەکانی گازەکانی قەتیسبوونی گەرما، ئەگەر نا بە تریلیۆنان دۆلار زیانمان پێدەگات و ملیۆنەها کەس مەترسییان دەکەوێتە سەر، جگە لە زیانە گەورەکان کە بە ژینگە و فرەیی بایۆلۆژی کەوتوون.”

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر