مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 48ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
لە چل و هەشتەمین ساڵڤەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو پێشمەرگە و تیکۆشەرانی بەشداری شۆڕشەکە دەکەم.
شۆڕشی گوڵان کە درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، هیوا و ئومێدێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و پیلانگێڕیی دوژمنانی گەلی کوردستانی تێکشکاند کە دەیانویست کۆتایی بە شۆڕش و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانی بهێنن، چونکە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان، بووە هۆی بەدەستهێنانی چەندین دەسکەوتی مەزنی نیشتمانی کە مەزنترینیان ڕاپەڕینی شکۆداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
لە چل و هەشتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو خەباتکار و تێکۆشەرانی بەشداری ئەم شۆڕشە دەکەینەوە بە تایبەتی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی .
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2024/5/26