مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی هەولێر و ئامادەکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دەکات، پارێزگاریش ڕادەسپێرێت ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان بیکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنییدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەو شەپۆلە بەهێزەى بارانبارین کە ناوچەکەى بەگشتیی گرتۆتەوە، بەدواداچوونى بۆ ڕەوشەکە و ئامادەکارییەکانى پارێزگاى هەولێر کرد و لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە ڕوونکردنەوەى پێویست سەبارەت بە ئامادەباشى سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و ئیدارەدانی حاڵەتی ئەو ڕێژە بارانبارینەی ئەمڕۆ و کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە پێشکەش بە بەڕێزیان کرا.
هەروەها پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستە سەر سەرجەم ئەو پلان و بەرنامە و پڕۆژە و ڕێگه چارەسەرییە پێویستانەى کە لەماوەى ڕابردوودا بە پاڵپشتى ڕاستەوخۆى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سنووری پارێزگاى هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و هۆکارەکانى جێبەجێکراون و بەهۆیانەوە تا ئاستێکی زۆر مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو لە شارى هەولێر کەمبۆتەوە.
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وێڕاى دەستخۆشى، فەرمانى کرد ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بکرێت و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکارییەکی بەپەلە و پێویست دووپاتکردووەتەوە.