کەشناسێک هاتنی شەپۆلێکی سەرما و ئەگەری بارینی بارانێکی زۆرو کڕێوە بەفری چری ڕاگەیاند.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: دواى ئەوەى ئەمڕۆ هاتنی شەپۆلێکی دیکەی باران بارین رو لە ناوچەکە دەکات، لە رۆژی هەینیشەوە کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکى دەریای ناوەراست، بارستە ھەوایەکی سارد لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە.
دەشڵێت، بەهۆی هاتنی ئەو شەپۆلە سەرمایە، ئەگەری بارینی بارانێکی زۆرو کڕێوە بەفری چر، لەناوچە شاخاویەکاندا دەبێت .
ئەو شارەزای کەشناسییە ئاماژەی بەوەشکردووە: پێشبینی دەکەن لە رۆژی هەینی تا یەکشەممە ناوەندى هەریەکە لە شارەکانی ( ئامێدی، مێرگەسور، بامەرنێ، کانی ماسی) سپیپۆش ببێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێریش بەفرێکی چڕ ببارێت کە پێشبینی دەکات رێژەکەی لە نێوان یەک تا دو مەتر بێت، بەڵام لە سنوری پێنجوێن و بەرزنجە و ناوچەى سیدەکایش بەفر بە شێوەیەکی ئاسایی دەبارێت.