نەتەنیاهوو بۆ ئەردۆغان: ئەوەی کورد کۆمەڵکوژ بکات نابێت وانەی ئەخلاقمان فێربکات
ئەردۆغان لە لێدوانێکدا لەبارەی شەڕی غەززە گوتی، “هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیتلەر و نەتەنیاهوودا نییە و وەکو یەک تاوانیان کردووە.” نەتەنیاهووش لە وەڵامدا گوتی، “ئەوەی کۆمەڵکوژیی کورد بکات نابێت وانەی ئەخلاقمان فێربکات.”
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “ئەردۆغان، ئەو کەسەی کە جینۆسایدی کورد دەکات، ئەو کەسەی کە پێوانەی جیهانیی شکاندووە لە زیندانکردنی رۆژنامەڤانان کە دژی ئەو قسە دەکەن، دوایین کەسە کە وانەی ئەخلاقمان فێربکات.”
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گوتی، “هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان ئەو کردەوانەی کە بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتی لەگەڵ ئەو کردەوانەی کە ئەدۆڵف هیتلەری نازی چەندین دەیە پێش ئێستا کردوونی.”
ئەردۆغان گوتی، “ئێوە چۆن نەتەنیاهوو و هیتلەر لێک جیا دەکەنەوە؟ چونکە ئەو کردەوانە هیتلەرمان بیر دەهێننەوە، ئایا نەتەنیاهوو شتێکی کەمتری لە هیتلەر کردووە؟ نەخێر.”
نەتەنیاهوو لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت، “هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بە ئەخلاقترین سوپای جیهانن کە شەڕی دڵڕەقترین تیرۆریستانی جیهان دەکەن و لەنێویان دەبەن. ئەو تیرۆریستانە رێکخراوەکانی حەماس و داعشن کە تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و ئەردۆغانیش بەسەریاندا هەڵدەدات و میوانداریی سەرکردەکانیان دەکات.”
چەند جارێکە ئەردۆغان و نەتەنیاهوو هێرش دەکەنە سەریەک. رۆژی 15-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ قەشە فرانکلین گراهام، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی مرۆیی سەماریتانز پێرس، تورکیای بە “پاڵپشتییکردن لە تیرۆریستان” تۆمەتبارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەردۆغان ئیسرائیلی بە “دەوڵەتی تیرۆر” وەسفکرد.
لە گوتەیەکدا نەتەنیاهوو رایگەیاند، “هەندێک هێز هەن، پاڵپشتیی لە تیرۆریستان دەکەن، یەکێک لەوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە کە بە ئیسرائیل دەڵێت ‘دەوڵەتی تیرۆر’، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە؛ ئەو پاڵپشتیی تیرۆریستانی حەماس دەکات. ئەو خۆی چەند گوندێکی تورکیای لەنێو تورکیا بۆمباران کردووە، بۆیە هیچ وانەیەک لەوان وەرناگرین.”
هاوکات، ئەردۆغان لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە گوتی، “ئێستا لێرەوە داوا لە نەتەنیاهوو دەکەم. چەکی ئەتۆمت هەیە یان نا؟ روونی بکەوە، بەڵام ناتوانێت. ئەی ئیسرائیل، تۆ چەکی ئەتۆمت هەیە و هەڕەشەی پێدەکەیت. ئێمە ئەوە دەزانین. هەروەها ئەجەلت دێت. تا دەتوانیت ببە خاوەن چەکی ئەتۆم، بەڵام تۆ دەڕۆیت.”
زیاتر لە دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە.
جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی “شمشێری ئاسنینی”ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، تەندروستیی غەززە لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، “تائێستا کوژرانی 21 هەزار و 110 کەسمان لە شەڕەکەدا تۆمار کردووە”. هەروەها 55 هەزار و 243 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.
ژێدەر
رووداو