کەشتییەکی دیکەی ئیسرائیلی دەستی بەسەردا گیرا
کەشتییەکی نەوتی ئیسرائیلی لە نزیک بەندەری عەدەن دەستی بەسەردا گیرا و تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو کارە رانەگەیاندووە.
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمپانیای زۆدیاک بڵاویکردەوە، لە کەنداوی عەدەن کەشتی سێنتراڵ پارک کە لەلایەن کۆمپانیای کلومڤزی بەریتانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، دەستی بەسەردا گیرا. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
کۆمپانیای زۆدیاک ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان سەلامەتیی 22 کارمەندی کەشتییەکەیە. هەروەها دەشڵێت، “کاپتنی کەشتییەکە کەسێکی تورک بووە و تیمێکی نێودەوڵەتی کە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هیندی، جۆرجی و فیلیپینی بوون کەشتییەکەیان بەڕێوە بردووە و کەشتییەکە ترشی فۆسفۆریکی دەگواستەوە”.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی کۆمپانیای زۆدیاک، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای کلومڤزی بەریتانییەوە خاوەنداریەتی دەکرێت. بە گوێرەی میدیای بەریتانیش، کەشتییەکە پەیوەندی بە خاوەنی کۆمپانیای زۆدیاکەوە هەیە کە ناوی ئیال عۆفێرە و ملیارێرێکی ئیسرائیلیە.
هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: “ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.”