هێرشی زەمینی کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد

بە چەکی قورس و سووک هێرشیکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار. گرووپێکی چەکداری شیعیش دەڵێت، چەکدارەکانیان شەڕی رووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە کردووە؛ چەکدارێکیان و  “ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی کوژراون.”

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، گرووپێکی چەکداری شیعیی عێراقی کە خۆی بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشێکی زەوینی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند کە بە قسەی ئەوان چەکدارەکانیان لە مەودایەکی نزیکەوە بە RPG هێرشیان کردووەتە سەر قولـلەکانی بنکە سەربازییەکە و شەڕە تەقە لەنێوان هێزەکانیان و هێزەکانی نێو بنکەکە روویداوە، جگە لەوەش چەندین گوللـە هاوەن و چەکی سووک و قورسیان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.

گرووپی زافرین کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە راگەیێندراوێکدا لەوبارەیەوە ئەوەی گوتووە کە “لە دەورووبەری بنکەی عەین ئەسەد شەڕی رووبەڕووبونەوە لەنێوان چەکدارەکانیان و هێزەکانی ئەمریکا روویدا و لە ئەنجامدا کەسێک بەناوی (جەعفەر سادق ئەحمەد تائی) لەکاتی رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هێزەکانی پیادەی ئەمریکا کوژراوە”. هاوکات ئاماژەی بە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش کردووە.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکانی ئەو راگەیێندراوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و حکومەتی عێراقیش پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام هێرشی زەوینی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد زۆر بە دەگمەن روویداوە.

هەر ئەمڕۆ گرووپەکە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی هەریری لە پارێزگای هەولێر راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هێرشەکە بە درۆن بووە، بەبێ ئەوەی باسی زیان بکات.

رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “کاژێر 2:30ـی بەرەبەیانی چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ژمارەیەک لە پێگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی دەستدرێژیی ئەمریکیی ستەمکارانە بووەوە و بەهۆیەوە هەشت شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە.”

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، “لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق.”

هێرشەکە وەکو سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەر بووە و گرووپێکی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج.

بەگوتەی سێنتکۆم، لە 21ـی تشرینی دووەمیش، بە مووشەکی بالیستیی نزشیک مەودا، هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، “هێرشەکەی ئەمریکا دەستدرێژییە و پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی عێراقە.”

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 62 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر