بەشەخۆراكی نزیكەی یەك ملیۆن كەس دەبڕدرێت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق: بارودۆخی دارایی نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە چوار پارێزگادا شایانی ئەوە نین بەشەخۆراكی مانگانەیان پێ بدرێت.

ریاز موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی چاودێریی بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ هەینی 17/ 11/ 2023، بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتەكەی جددییە لە تەواوكردنی كارتی ئەلیكترۆنی.

ئەوەشی ڕوون كردۆتەوە كە ڕێوشوێنەكانی ئاشكراكردنی ئەو خێزانانەی كە شایانی بەشەخۆراكی مانگانە نین، بەردەوامە و بۆیان دەركەوتووە تەنیا لە چوار پارێزگادا، نزیكەی یەك ملیۆن كەس بارودۆخی داراییان باشە و پێویست ناكات بەشەخۆراكی مانگانەیان پێ بدرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەختی كردۆتەوە كە تەواوكردنی كارتی ئەلیكترۆنیی تایبەت بە بەشەخۆراكی مانگانە، دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆر لەو كەسانە دەستنیشان بكرێن كە شایانی ئەوە نین بەشەخۆراكی مانگانەیان پێ بدرێت، بەم هۆیەشەوە پارەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە و دەتواندرێت بەو پارەیە ئەو ماددە خۆراكییانە باش بكرێن كە بە هاووڵاتیان دەدرێن.

بە گوتەی موسەوی، لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كار لەسەر تەواوكردنی كارتی ئەلیكترۆنیی خۆراك دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر