مەسرور بارزانی: دەمانەوێت هەموو پێداویستییەکانمان لەناو خودی کوردستانەوە دروستی بکەین.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی لە هەولێر کردەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی کارگەکە گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: “ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم کارگەیە کە کارگەی دروستکردنی کارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و کاری کاغەزە، کە بەشێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو بە ئامراز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دانراوە، من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەو کارەتان کردووە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین لە کوردستان کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت کە ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵی، کە ماوەیەکە ئێمە توانیومانە بەربوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە بکەین. ئەم جۆرە کارانە یارمەتی زۆر دەدەن بۆ پاکێجینگ و بەرگگرتن و ئەو شتانەی کە پێویستن بکرێت وەک براندی کوردستانی بەروبوومی خۆمان هەناردەی دەرەوە بکەین”.
وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەت باسی دەکات، “بەروبوومەکانی ئێمە تام و چێژێکی تایبەتیان هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرگی بۆ دروست بکرێت و پاکێجینگی بۆ بکرێت و بتوانین هەناردەی دەرەوەی بکەین، کە ئەم جۆرە کارگانە دەتوانن زۆر یارمەتیدەربن بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین. وابزانم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆر هەم بۆ بەربوومەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت زیاتر یارەمەتی کەرتی پیشەسازی بدات”.
سەرۆکوەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، “ئێمە مەبەستمانە لە کوردستان بتوانین هەموو پێداویستییەکانی خۆمان ئەوەی پێمان بکرێت لەناو خودی کوردستانەوە دروستی بکەین، کە ئەمە هەلی کاری زۆریش بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت، ئەوەی بیستم لێرە بە سەدان گەنج لەم کارگەیە هەلی کاریان بۆ رەخساوە، کە ئەمە جێی ئومێد و دڵخۆشی زۆرە”.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەوەی لەسەر حکومەتیشە ئێمە ئاسانکاری بکەین، پشتیوانی بکەین و یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین، ئومێدمان وایە بە هاوکاری حکومەت کەرتی گشتی لەگەڵ کەرتی تایبەت بتوانین هەموو پیداوتستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین و رۆژ بە رۆژ کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین”.