لە ساڵی 2014ەوە کوڕێکی کەوتووەتە دەستی داعش و تا ئێستا سۆراغی نییە، لەبەرئەوەی پۆلیسی کەرکووک بووە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە، بۆ دوو ساڵ دەچێت مووچەکەشی بڕدراوە، بۆیە ئێستا بەو تەمەنەوە ناچارە جەستە پیرەکەی ماندووتر بکات بۆ پەیداکردنی نانی رۆژ بۆ نەوە و بووکەکەی.
مام عەلی لە ساڵی 2014 کوڕەکەی بەناوی (ئاکۆ) کەوتە دەست داعش و دواتر چەکدارانی داعش وێنەکەیان بڵاوکردەوە، تا ئێستاش کەسوکارەکەی نازانن لە ژیاندا ماوە یاخود شەهیدبووە. دوای ئەو جەرگ سووتان و هەموو ڕەنجە، ئێستا تووشی کۆرۆنا بووە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کوردستان بە هەناسەی دەستکرد سییەکانی کاردەکەن. بەڵام بەردەوام داوای دەرچوون دەکات و دەڵێ”بەڵێنم بە کوڕەکەم داوە کە لەلای نەوەکانم بمرم.
جەلال محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر 2:00ی نیوەشەو چووەتە نەخۆشخانەی ئاسوودە و کارمەندانی نەخۆشخانەکە پێیان وتووە کە پیاوێک لێرەیە تەندروستی خراپە و بەردەوامیش داوای دەرچوون دەکات.
جەلال محەمەد لە فەیسبووک نووسیویەتی ” کاتێک چوومەلای وتم مامە حاجی تۆ ئۆکسجینت لەسەرە دڵنیام بەبێ ئۆکسجین ژیانت دەکەوێتە مەترسییەوە بۆ بەردەوام داوای دەرچوون دەکەیت؟”.
لە وەڵامدا بە جەلال محەمەدی وتووە”کاکە من ناوم “عەلی” یە باوکی یەکێک لە پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعشم بە ناوی ئاکۆ، کە تا ئێستاش دڵنیانیم لە شەهیدبوونی، بەڵام کوڕەکەم ساڵێک و شەش مانگە لەلایەن حکومەتی عێراق مووچەکەی بڕدراوە، چونکە کوڕەکەم لە ریزەکانی پۆلیسی کەرکووک خزمەتی ئاسایشی شاری کرکووکی دەکرد، تائێستا نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی عێراق مووچەی شەهیدانەی بۆ منداڵەکانی خەرج نەکردووە. چوار منداڵ و خێزانێکی هەیە و خۆم بەکاری رۆژانە بە خێویان دەکەم.”
عەلی محەمەد زیاتر دەڵێ”دەمەوێ لەناو منداڵە بچووکەکانی کوڕەکەم بمرم، چونکە بەڵێنم پێداون تادەمرم خزمەتیان بکەم و خۆم بیان ژیێنم، ئێستا من نەبم کێ بژێوی ژیانی ئەوان پەیدا دەکات”.
جەلال محەممەد لەبارەی مام عەلییەوە زیاتر دەڵێت “ئەم قسانەی بەدڵێکی پڕ لە حەسرەت و چاوی پڕ فرمێسک و هەناسەیەکی تەنگەوە دەکرد، دواتر وتی تەنگەنەفەسی من بەهۆی کۆرۆناوە نییە! بەڵکو بەهۆی خەمی لەدەستدانی کوڕەکەمەوەیە.”
“دڵنیابە من دەمرم، تەنیا یەک داواکاریم هەیە بە بەڕێزان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان و خالید شوانی بڵێ، ئەگەر لەگەڵ عێراق دانیشتن باسی مووچەی شەهیدانە بۆ منداڵەکانی کوڕەکەم و خێزانەکەی و هاوشێوەکانی کوڕەکەم من بکەن.”
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان دەڵێ” کەو ئەو قسانەی کرد من خۆم بۆ نەگیرا و یەکسەر دەستمکرد بە گریان، بەڵێنم پێیدا دەنگی بگەیەنم. بەڵام مام عەلی ئەوەندە دڵی گەورە بوو خەمی پزیشک و پەرستارەکانیشی لەکۆڵ گرتبوو و پێ وتم”توخوا ئاگاتان لەمانیش بێ زۆر ماندوون بە ئێمەوە”.