لێدوانێک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی مووچە

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئومێد دەکەن هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بچێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت. دەشڵێت، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان “بۆ بەرگریکردن لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان” دەچێتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023 هونەر جەمال، گوتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان رایگەیاند، “هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا دەچێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەین، مانگی پێشوو لەبەر ئەوەی لە سێ بانکەوە پارەی مووچە هاتە سەر هەژمارەکەمان، رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە هەفتەیەکی خایان، بەڵام ئەم مانگە رێکارەکان کاتێکی کەمتری پێدەچێت.”

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتیشی، حکومەت ئەگەر 30٪ کورتهێنانی مووچەی هەبوو “دەتوانێت بە کارتێک 70٪ـی مووچەی فەرمانبەران بخاتە سەر هەژمارەکەیان کە بتوانن پارەی لێ رابکێشن و 30٪ـەکەی دیکەش بە کارتێکی دیکە بێت بۆ نموونە بتوانێت لە بەنزینخانەکانی حکومەت یان پارەی ئاو و کارەبا و باج بەو 30٪ـە بدات.”

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر