هەڵوێستی مەسرور بارزانی لەبارەی ناردنی مووچە لە بەغداوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، راستەوخۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە، “قەوارەی هەرێمی کورستان لاواز دەکات.” دەشڵێت، ئەگەر پرسی مووچە جیا دەکرێتەوە لەوانی دیکە، دەبێت دابەشکردنی مووچە لە رێگەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و  وێڕای چەند پرسێکی پەیوەست بە قوتابیان و هەنگاوی دوای دەرچوونیان، لەبارەی مووچەوە قسەی کرد و گوتی، “لە دوا سەردانمدا بۆ بەغدا ئەو کاتەش گوتمان کە نامانەوێت چیتر مووچە بابەتی سەرەکیی هەواڵەکان بێت. مافێکی رەوا و سەرەکیی هەر مووچەخۆرێکە کە بەشێوەیەکی ئاسایی هەر مانگێک مووچە وەربگرێت، بەڵام دەبینین کە خەریکە ئەم بابەتەش بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەبردرێت.”

لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە داوایان کردووە مووچە راستەوخۆ لە بەغداوە بێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، “هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، بۆیە ئەگەر مووچەش لە بابەتەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، دیسان دەبێت هەر لە رێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابەش بکرێت، نەک وەکو ئەوەی هەندێ کەس داوایان کردووە کە بە میکانیزمێکی نادەستووری و راستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە. پێویستە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کیانێکی فیدراڵ پارێزراو بن و نابێت چەمکی فیدراڵییەت لە عێراقدا لاواز بکرێت.”

مەسرور بارزانی باس لە سەردانەکەی بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت، “پێش ماوەیەک کە چووم بۆ بەغدا، زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵم بوون، و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراقیش پشتیوانمان بوون. ئێمە توانیمان کاریگەرییەکی باش لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی دروست بکەین و بگەینە هەندێک تێکگەیشتن و رێککەوتن لەسەر چۆنییەتیی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە. بەڵام دوای ئەمە، ئەم چەند رۆژە بینیمان کە هەندێ کەس هەوڵیانداوە، نامەیەکیان نووسیوە، پێچەوانەی ئەو تێکگەیشتن و رێککەوتنەی کە کە نێوانماندا بووە، داوایان کردووە راستەوخۆ حکومەتی بەغدا مووچەی مووچەخۆران بدات کە ئەمە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان داوا لەو لایەنانە دەکات، “چیتر هەوڵی ئاسانکاری و رێخۆشکردن بە کەس نەدەن کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن، چیتر ئاسانکاری نەکەن بۆ ئەوەی ریزەکانی خەڵکی کورستان لێکبترازێن. ئێمە هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان بپارێزین. چونکە پێمانوایە تەنیا بەمشێوەیە دەتوانین بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین.” 

ھەواڵی زیاتر