ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکەی حەمدانییە بەرزبووەوە
شەوی سێشەممە لە هۆڵێکی قەزای حەمدانیەی پارێزگای موسل رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس.
زانیاری و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان باس دەکرێت. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، 82 تەرم گەیێندراونەتەوە دادپزیشکی موسڵ و 86 کەسیش بریندارن. 16 برینداریش گەیێندراوەنەتەوە هەولێر. گوتیشی زۆربەی قوربانییەکان سووتاون.
هەروەها نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا گوتی، 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 200 کەس برینداربوون. بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە، تائێستا چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، هەندێکی دیکە کەسوکاریان یەکسەر تەرمەکانیان بردووەتەوە و نەیان بردووەتە دادپزیشکی.
هۆڵەکە بەتەواوی وێرانبووە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە چارەنووسیان نادیارە. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سووتان و یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە و کەوتنە ژێردارپەردووی رووخاوەکە و پاڵەپەستۆوە بووە.