مەسرور بارزانی: موژدەی خێرمان پێدەبێت

دەقی وتاری مەسرور بارزانی لە بەغدا، دوای کۆبوونەوەکان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان….

ئێمە ئەمڕۆ وەکو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتین بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافە دەستووریەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەین بە هەندێک چارەسەر بۆ ئەم گرفتانەی ئێستا هەن.

جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بکەم کە هەم لە هاتنمان لە پێشوازیدا بوون، هەم ئێستاش پشتیوانی خۆیان بۆ ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان خستووەتە روو، هەموومان بەیەکەوە یەکڕیز و یەکهەڵوێست داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە ئەمە خۆی جێگەی تەقدیر و پێزانینە، هیوادارم بەیەکەوە بتوانین هەموو ئەو ماف و شایستە داراییانەی کە هی خەڵکی کوردستانە، دابینی بکەین.

ئێمە لە سەرەتاوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، گفتوگۆیەکی چڕ و دوورودرێژمان کرد، لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حیزبە سیاسییەکانی تر گفتوگۆی دوورودرێژمان هەبوو و کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان کردووە لەسەر هەموو ئەو بابەتانە و قسەی زۆریشمان کردووە و داوامان کردووە و داوامانکردووە بە چ شێوەیەک ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.

دوو پێشنیاری کورتخایەن و درێژخایەنمان خستووەتەروو کە شایستە داراییەکان خەڵکی کوردستان دابین بکرێت. بۆ چارەسەری درێژخایەن؛ لەوانەیە پێویستی بە تەشریع و هەندێ گۆڕانکاری و هەموارکردنی هەندێ یاسا هەبێت، کە بەیەکەوە دواتر کاری زیاتری لەسەر دەکەین. بەڵام بۆ چارەسەری ئێستا، دیارە لە یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، هەر بۆ ئەم بابەتەش هەندێ پێشنیارمان خستووتەڕوو و پێشوازیی لێکراوە.

لەگەڵ ئەو هەموو لایەنە سیاسییانەشی کە دیدارمان لەگەڵیان کردووە، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیکردن و پشتیوانیکردنی لەو پێشنیارانەی هەمووانبووە، بۆ ئەوەی بتوانین مووچەی خەڵکی کوردستان دابین بکەین بۆ ئەمساڵ، ئینشائەڵڵا موژدەی خێریشمان پێدەبێت و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە دەبین، هیوادارین ئەو ئامادەکارییانە هەموویان ببن بە بڕیار بۆ ئەوەی کە ئیتر ئەم گرفتانە چارەسەرببن بەشێوەیەکی زوو و ئینشائەڵڵا خەڵکی کوردستانیش بتوانن مووچەکانی خۆیان وەربگرن.

ھەواڵی زیاتر