زانکۆی هارڤارد کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی (سۆرانی) دەکاتەوە و چەند خوێندکارێکی دکتۆرا خۆیان ناونووس کردووە.
ئەحمەد محەممەدپوور، مامۆستای مرۆڤناسی و کۆمەڵناسییە و پلەی زانستی (یاریدەدەری پرۆفیسۆر)ـە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سەبارەت بە وتنەوەی ئەو کۆرسە لەلایەن خۆی، لە هەژماری فەرمی لە فەیسبووک نووسیویەتی: زۆر جێگەی خۆشحاڵیە کە {زانکۆی هارڤارد} بۆ یەکەم جار کۆرسی زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی دکتۆرا پێشکەش دەکات کە حەز دەکەن لەگەڵ زمانی کوردی ئاشنا بن.
ئاماژەی بەوەشداوە، چەند خوێندکارێکی دکتۆرا خۆیان ناونووس کردووە.
ئەحمەد محەممەدپوور کردنەوەی ئەم کۆرسە بە هەنگاوێکی گرنگ و بەسوود بۆ کورد لە قەڵەم دەدات و دەڵێت: بۆ سەرچاوەی سەرەکی کۆرسەکە، کتێبێکی دکتۆر (حەیدەر خزری)ـم هەڵبژاردووە، بەهیوای خوێندکاری زیاتر و هەروەها بەردەوامی و پتەوبوونی زیاتری زمانی کوردی لە زانکۆی هارڤارد.