پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە
پسپۆڕێکی ئابووری پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ٣٠٠ هەزار دیناری عێراقی دەكات، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کە ڕێککەوتنی خور عەبدوڵڵا لەگەڵ کوێت بەنادەستووری ناساند.
نەبیل مەرسومی پسپۆری ئابووری دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کە ڕێککەوتنی خور عەبدوڵڵای بە نادەستووری ناساند، دەرگا دەکاتەوە بۆ تانەدان لە ژمارەیەک ڕێککەوتن، کە عێراق پێش ساڵی 2015 واژووی کردوون”.
ئەبیل مەرسومی دەشڵێت: یەكێك لەو یاسایانەی تانەی لێدەدرێت، ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساڵی 2008 دەنگی لەسەر داوە و بەدەنگی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران رەتكرایەوە.
ئەو پیسپۆرە ئابوورییە باسی لەوەش كرد، ئەگەر ئەمە ڕووبدات و ڕێکەوتنی ستراتیژی بەغدا و واشنتۆن بە نادەستووری بناسێنرێت، پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلارێك بەرزبێتەوە بۆ سێ هەزار دینار، ئەوكات “سەد دۆلاریش یەکسان دەبێت بە ٣٠٠ هەزار دینار”.
دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆژی دوو دووشەممە بڕیاریدا، یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی کەشتیوانی دەریایی لە خور عەبدوڵڵا، کە لەگەڵ کوێت ئەنجامدرا نادەستوورییە.
دادگاکە بڕیارەکەی لەسەر بنەمای ئەوە دەكردووە، كە رێككەوتنەكە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی (61)ی دەستووری کۆماری عێراقە، کە تێیدا هاتووە پڕۆسەی پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بە یاسایەک ڕێکدەخرێت، کە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندبكرێت.
هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کوەیت زیاتر دەكات، کە هەردوو وڵات بەڵێنیان داوە كۆتایی پێبهێنن، ئەمەش دوای باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.
ئەو بڕیارە دادوەرییە توڕەیی نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوەیتیشی لێکەوتەوە و هەڕەشەی کردنەوەی دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکەیان لە دژی عێراق کرد.