لایەنگرانی سەدر باڵیۆزخانەی سویدیان سووتاند
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندترین شێوە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەو کارە پەلاماردانی نێردەی دیپلۆماسی و هەڕەشەکردنە بۆ سەر ئاسایشیان.
بەرەبەیانی پێنجشەممە 20ی 7ی 2023، سەدان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق و بەسەر دیوارەکانی باڵیۆزخانەکەدا هەڵگهڕان و گڕیان لە باڵەخانەکە بەردا وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە سوتانی قورئان لە سوید.
حکومەتی عێراق داوای لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کردووە لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن و رێکاری تووندی ئەمنی بگرنەبەر و وردەکارییەکانی رووداوەکە ئاشکرا بکەن، هەروەها ناسنامەی ئەو کەسانە دیاری بکەن کە ئەو کارەیان کردووە و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن.
هێرشەکە لە کاردانەوەی ئەوەیە سوێد رێگەی بە سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی داوە جارێکی دیکە قورئان بسووتێنێت.