راگەیاندراوی كۆتایی كۆبونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان ئەمرۆ چوارشەممە 12/7/2023 بە ئامادەبونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامە یەدەكەكان و بەرپرسانی لقەكانی پارتیمان كۆبونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
دوای گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەرهكان لە جیهان و ناوچەكە بە گشتی و، عێراق و كوردستان بەتایبەتی، ئەم تەوەرانەی خوارەوە مناقەشەكران و، بۆ ئەو بابەتانەی كه پێویستبو بریاریان بۆ وەرگیرا:
- تەوەری یەكەم: بارودۆخی گشتیی نێودەوڵەتی: ڕوداوەكانی ئێستای جیهان بەشەڕ و بەهاوپەیمانی، گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و عەسكەریەكان و قەیرانەكان لێكەوتەیان لەو ڕوانەوە بۆ سەر تەواوی دەوڵەتان هەیە و، سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەكی گشتی بوەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان. بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناراستەوخۆ كاریگەریان لە سەر هەرێمی كوردستان هەیە.
- تەوەری دوەم: بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆی لە سەركرا و، بە پێویستزانرا ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ و پاراستنی ئەمنیەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێ لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابوری لەبەرچاو بگیرێ و بپارێزرێ.
- تەوەری سێیەم: بارودۆخی عێراق: بابەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باس كرا بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانیەتیەكە هەستپێدەكرێ و، جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانیەی كە حكومەتی لە سەر تەشكیلكراوە جێی نیگەرانی جدیە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەكە زیانی بۆ كۆی حوكمرانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیهی بەشێكی لایەنەكان كه ڕویداوە، پشتگیری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگریەكان سەركەوتوبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكهی كە رێككەوتنی لە سەركراوە.
- تەوەری چوارەم: كۆبونەوە پاڵپشتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوە و هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕال بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەكانیان لە چارەسەری بابەتی بودجەو دابینكردنی موچە و بژێوی ژیان و ئەمنیەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە پەسەندزانی.
- تەوەری پێنجەم: تەوەری بارودۆخی ناوخۆی هەرێم: هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتیمان سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كە تاكو ئێستا هاوێژراون لە سەرۆكایەتی هەرێم و كۆبونەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، هەروەها هەنگاوەكانی پارتیمان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و ڕەخساندنی كەش و هەوایەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و رێككەوتن لە سەر رێكارە یاساییەكان. لەو پێناوەدا بەردەوامدەبین لە كۆبونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان و هەوڵدەدەین ئاستەنگ و كێشەكان چارەسهربكەین و ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین بەشێوەیەك جیاوازییەكان ڕێگرنەبن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا.
- تەوەری شەشەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان: بەڕونی باس لە شێوازی كاركردنی ئۆرگانەكان و كاركردنی هەڤاڵانی بەرپرس و كادیرەكان لەم قۆناغەدا كرا، بەتایبەتی گرنگیدان و پابهندی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بایەخدان بە بابەتی ئافرەت و گەنج و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان لە ئەولەویاتی كارەكان بێت. ههروهها سەبارەت بەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر پارتی، دەبێ هەوڵەكانمان لە ئاستی مێژو و گەورەیی رێبازی بارزانی دابن و لە ئاستێك دابن كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرنسیپەكانی ڕاگەیاندن ڕەچاوبكرێت.
لە لایەكی دیكەوە تەئكید لە پەیوەندیی ئەندامان و كادیرانمان لەگەڵ جەماوەر كرایەوە بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی هەڤاڵانمان بۆ بەرهنگاربونەوەی هەندێ دیاردەی دزێو كە تێكدەری بارودۆخی كۆمەڵاتی و خێزانین وەكو ماددهی هۆشبەر. لە كۆتاییدا تەئكید لە پەیرەوكردنی ڕێنماییەكان كرایەوە.
كۆبونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
12/ 7/ 2023