رۆژی یەکشەمە 16ی ئاب، بەشی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا قۆناغی دووەمی پارەی جووتیاران لە بەغداوە بگاتە هەولێر.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، سبەی یەکشەمە 16ی ئاب، دەست بە دابەشکردنی بەشی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێت و جووتیاران دەتوانن سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی بانک.
هێمن سەید موراد وتی” ئەو پارەیەی دابەش دەکرێت، هی قۆناغی یەکەمە و بەو جووتیارانە دەدرێت کە لە 14و15و16ی مانگی حوزەیران گەنمیان داوەتە سایلۆ”.
لە 10ی حوزەیران لە هەولێر و 14ی حوزەیران لە دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە لە سایلۆکاندا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا.