باڵیۆزخانەی ڤاتیکان لە عێراق سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی بە رەچەڵەک ئاشووری لە سوێد دەکات و دەڵێت، ئەو “بێڕێزیکردنە لە دژی بەهاکانی ئایینی کریستیان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی مرۆڤایەتییە.”
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “باڵیۆزخانەی ڤاتیکان لە عێراق، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارە قێزەون و بێشەرمە دەکات کە ئەمدواییە لە ستۆکهۆڵم کرا و هەستی موسڵمانانی عێراق و دەرەوەی بریندارکرد.”
پەنابەرێکی عێراقیی تەمەن 37 ساڵ بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پۆلیسی سوێد.
سەلوان بە رەچەڵەک ئاشوورییە و پێشتر بڕواداری ئایینیی کرستیان بووە و لە ماوەی شەڕی دژی داعش، ئەندامی هێزێکی ئاشووریی سەر بە حەشدی شەعبی بووە، بەڵام ئێستا خۆی بە بێباوەڕ دەناسێنێت.
باڵیۆزخانەی ڤاتیکان دەڵێت: “ئەم جۆرە رەفتار و هەڵوێستانە دژی بەهای رێزگرتنی هاوبەشی ئایینی کرستیان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی نێوان مرۆڤایەتییە.”
سووتاندنی قورئانی پیرۆز کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی قوربان و کۆتایی وەرزی حەج، لە سەرانسەری وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکان ناڕەزایی تووندی لێکەوتەوە، بە تایبەتیش دژی سوێد کە مۆڵەتی بە پەنابەرەکە دابوو ئەو کارە بکات.
لە عێراق دوو رۆژ لەسەر یەک، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانیان لە نزیک باڵیۆزخانەی سوێد کرد و داوایان کرد باڵیۆزی ئەو وڵاتە دەربکرێت و باڵیۆزخانەکەیشی دابخرێت.
حکومەتی عێراق داوای لە سوێد کردووە مۆمیکا رادەستبکاتەوە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت، لە کاتێکدا کە داواکراوەکە هەڕەشە دەکات هەموو هەفتەیەک کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێدی لە عێراق بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی ناڕەزایی حکومەت بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، پێی بگەیێنێت.
هاوکات جگە لە وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکانی وەکو تورکیا، سعودیە، قەتەر، ئیمارات، فەلەستین، سووریا، یەمەن، کوێت، ئوردن، میسر، ئێران و مەغریب؛ هەریەکە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و ئاژانسی هاوپەیمانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شارستانییەتەکان (UNAOC) سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیان کرد.
ئۆڵف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رۆژی هەینی لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزەوە گوتی، “ئەوە پرسێکی ئەمنیی جیدییە. هیچ پاساوێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵکی دیکە نییە.”
مۆمیکا رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەیەکی سوێدی گوت، “10 رۆژی دیکە، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم ئاڵای عێراق و قورئان دەسووتێنم.”
ژێدەر
رووداو