ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا: ئێران هەوڵدەدات رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تێکبدات
مایک واڵتس: “پشتگوێخستنی هەوڵەکانی تاران لە زیانگەیاندن بە دۆستە کوردە دڵسۆزەکانمان، بەرژەوەندیی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.”
ئەمرۆ هەینی، 9ـی 6ی 2023، مایک واڵتس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەسەر پارتی کۆمارییەکان، لە تویتێکدا نووسی: ئێران کار بۆ تێکدانی ئەم رێککەوتنە دەکات و “پشتگوێخستنی هەوڵەکانی تاران لە زیانگەیاندن بە دۆستە کوردە دڵسۆزەکانمان، بەرژەوەندیی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.”
مایک، لە تویتێکی دیکەدا داوایەکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و دەڵێ: “داوا لە [محەممەد شیاع سوودانی،] سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بەپەلە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێبکات و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.”
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.