مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگهیهندراوێكی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوكردهوه، كه ئهمه دهقهكهیهتی:
راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
سەبارەت بە هەڵوێست و هەوڵ و کۆشش و دەستپێشخەری و گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی لەمساڵدا، چیتر کات بە فیرۆ نەدان و رێگری لەو کۆسپ و تەگەرانەی بۆ هەڵبژاردن دروست دەکرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی ناوخۆیی و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەولەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، رووندەکەینەوە:
1. پارتیمان بە کردار و بە بڕواوە باوەڕی قوڵی بە پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیەو گەل بە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت. وتاری سەرۆک بارزانی لە نەورۆزی ١٩٩١ لە کۆیە کە تیایدا جەنابیان بە ڕوونی داوای دامەزراندنی حوکمی قانون و هەڵبژاردنی ئازادو گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگیڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی، بناغەی هەڵوێست و کۆششی پارتیمان بووە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بە شانازیەوە بەر لە سێ رۆژ ٣١ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان تێپەری.
2. دەبوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەر لە ٦/١١/٢٠٢٢ ئەنجامبدرایەو لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومی هەرێمی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەرلە تەواو بوونی وادەی یاسایی پەرلەمان، رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد. فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ٣/١١/٢٠٢١ وە هەموو هەوڵ و کۆششی پەرلەمانی و یاسایی و سیاسی خۆی خستبووە گەر، تاوەکو سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەکاری بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بکەن. هەرلە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی خۆیدا بکرێ، پارتیمان رەزامەند بوو کۆمسیۆن بە هەمان پێکهاتەی خۆی متمانەی پێ بدرێتەوەو دوو پۆستە بەتاڵەکەی کۆمسیۆن پڕ بکرێتەوە. بەداخەوە فراکسیۆنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن و بە ناچاری، زۆربەی هەرەزۆری فراکسیۆنەکان بەرلە ٦/١١/٢٠٢٢، بە یاسای ژمارە (١٢)ی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (١١)ی رۆژی ٩ی١٠ی٢٠٢٢، یاسای بەردەوامیی خولی پێنجەم تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەردرا. هەر لەم یاسای ژمارە (١٢)دا بەڕوونی هاتووە کە پێویستە پەرلەمان هەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٣.
3. لە پێناوی ئەوەی لە ٢٠٢٣ دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، لە کۆبوونەوەی ١٨ی١ی٢٠٢٣ ی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، لە راگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکەدا، هەڵوێستی پارتیمان راگەیەندرا بەوەی پارتیمان رەزامەندە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوەو داواکاری و پێشنیازی لایەنەکانی دیکەش لە بابەتی فرەبازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق کە هەڵبژاردنی ١٠ی ١٠ی٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێکرا، سود وەرگرتن لە ئامارەکانی عێراق بکرێنە بنەمای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. لە مانگی ١و٢ی ئەمساڵ چەندین جار هەڤاڵانمان لە پەرلەمان هەوڵیاندا دانیشتنی نائاسایی بکرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژارن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بەڵام بەداخەوە جددیەت لە هەندێ لایەنەکانی دیکە نەبینرا بۆ سازدانی ئەو کۆبوونەوانەی پەرلەمان.
4. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی بەهارەی خولی پێنجەم لە ١ی٣ی٢٠٢٣، فراکسیۆنی پارتیمان پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پێشکەش کرد، بەڵام بەداخەوە رێگری کرا لەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەنجامبدرێ.
5. مەکتەبی سیاسی پارتیمان و هەڤاڵانمان لە پەرلەمان لە گفتوگۆی بەردەوامدا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و لایەنەکانی دیکە بەردەوام لە هەموو کۆبوونەوەو دیدارە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان و دیداری نێردەی وڵاتان، جەختمان لەوە کردۆتەوە کە پێویستە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن رابگەیەنێت و خوێندنەوەی یەکەم بکرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن کە پێشنیازی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بەشێک لە پێکهاتەکان بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامادەییە بۆ راگەیاندنی دانیشتن بۆ بابەتەکانی هەڵبژاردن نەبینرا.
6. سەبارەت بە پێکهاتەکان، هەرلە سەرەتاوە هەڵوێستی پارتیمان روون و ئاشکرا بووە بەوەی، هەرێمی کوردستان نیشتیمانی تەواوی رۆڵەکانیەتی بە جیاوازی نەتەوەو ئایین و مەزهەب. سەبارەت بە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان، یەک لە شانازییە گەورەکانی گەلەکەمانەو نابێ پاشەکشەی لێ بکرێ. بۆ کورسی پێکهاتەکان بەردەوام جەختمان لەوە کردۆتەوە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن و هەرجۆرە بڕیارێک لە خۆیانەوە بێت، پارتیمان پێی رازی دەبێت. نوێنەرانی پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یۆنامی و راپۆرتی یۆنامی لەسەر دیدارەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکان لە مانگی (٢)ی ٢٠٢٣ روون و ئاشکرا بوو کە ٩٥٪ ی پێکهاتەکان دەیانەوێ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت. دواتر لەسەر داوای پارتیمان و یەکێتی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی، لە رۆژی ١٣ی٣ی٢٠٢٣ لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان کۆبوونەوەو بە پێی کۆنووسی کۆبوونەوەکە دیسانەوە ٩٥٪ ی پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوە بوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت، بەشێکیان داوایان کرد بوو تۆماری دەنگدەری خۆیان هەبێ و لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بە
پێکهاتە نەدرێ و پارتیمان وێڕای ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێکهاتەکان، لە لایەن خۆیانەوە هەر پێشنیار و سەرنج و گۆرانێک لە شێوەی هەڵبژاردنەکانیان هەبێت، پشتیوانیان دەبێت.
7. پارتیمان رژدو سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی پارتیمانە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (٩٠) لە ٢٦/٣/٢٠٢٣ واژۆی کردو رۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠٢٣ ی وەک رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد. هەروەها لە لایەن رێزدار کاک مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی پارتیمانە بە فەرمانی ژمارە (١٤٧٢) لە رۆژی ١٦ی ٤ی ٢٠٢٣، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
8. بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی پارتیمان لە هەموو کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەکان و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن لە یۆنامی، بەردەوام جەختیان لە پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا کردۆتەوەو لەو پێناوەشدا وەک هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای پارتیمان لە هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ٤ بازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق، ئامارەکانی عێراق بۆ دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر پارێزگاکان، هەموو ئامادەیی و هەنگاوە پێویستیەکانیان ناوە.
ئێستاش کە کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٨/١١/٢٠٢٣، پارتیمان سورە لەسەر ئەوەی هەموو لایەنە بەرێزەکان بەکردار، نەک تەنها بە لێداون، هەنگاوی کرداری بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردن بنێن و لەم رووەوە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستا داوا دەکەین:
1. پەرلەمانی کوردستان ئەرکی یاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم پێشنیازە یاسا پێشکەشکراوەکان لە لایەن پارتیمان و لایەنەکانی دیکەش، بخرێنە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێ و خەسڵەتی بە پەلەیان پێ بدرێ و رێککەوتنی بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەکان لەسەر ٤ بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و بەکارهێنانی ئامارەکانی عێراق و خواستی پێکهاتەکان بۆ تۆماری تایبەتی خۆیان بکرێنە بنەما بۆ راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکان تاوەکو خوێندنەوەی دووەم و پێکەوە دەنگدانی لەسەر بکرێ لە زووترین کات.
2. داوا لەسەرجەم نوێنەرانی وڵاتان و یۆنامی دەکەین هاوکاری ئەم پرۆسەیە بن و هەڵوێستی پارتیمان لەبەرچاوبێت و هەر کەس و لایەنێک کۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم هەنگاوانە دروست دەکات لە هەڵوێستی دژە دیموکراسی و دژە هەڵبژاردن ئاگادار بکرێنەوە.
3. داوامان لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانە، پاڵپشت و هاوکاری راستەقینەی سەرخستنی ئەم پرۆسە دیموکراسیەبن.
4. دەستخوشی و پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵ و هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنە بەرێزەکانی دیکە بۆ دەنگدان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی ئەمرۆ ٢٢ ی ٥ ی ٢٠٢٣.
5. فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان رادەسپێرین بۆ بەردەوامی بەجێگەیاندنی ئەرکی پەرلەمانییان بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەل فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ـی ٥ـی ٢٠٢٣