هەفتانە زیاتر لە 10 کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن
لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم 209 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: بە تێکڕا، ئەمساڵ حکومەتی ئێران تا ئێستا هەفتانە زیاتر لە 10 کەسی لەسێدارە داوە و ئەمەش وایکردووە کە ئێران ببێتە وڵاتی یەکەم لە زۆری ژمارەی جێبەجیکردنی سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا.
بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو، بەم ڕێژەیە، ئێران بە شێوەیەکی نیگەرانکەر لەسەر هەمان رێڕەوی ساڵی رابردووە کە بەپێی راپۆرتەکان نزیکەی 580 کەس لە سێدارە دراون.
هەردوو رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و رێکخراوی (ئەنسەمپڵ کۆنتر لا بەین دومۆر) کە بنکەکەیان لە نەرویج و پاریسە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو رایانگەیاند، ژمارەی ئەو سزا لەسێدارەدانانەی لە ساڵی 2022 لە ئێران جێبەجێکراون، بە رێژەی 75% زیادیکردووە و لانیکەم 582 کەس بەشێوەی هەڵواسین لە سێدارە دراون.