موحەڕەم ئینجە لە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کشایەوە
موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت کە بەربژێر بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکەی 14ـی ئایار، ئەمڕۆ پێنجشەممە کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکە راگەیاند. ئەمەش بە گورزێک هەژمار دەکرێت لە ئەردۆغان.
لە سەرەتای گوتەکانیدا موحەڕەم ئینجە باسی لەوە کرد کە لەم ماوەیەدا چەندەها بوختان و زانیاریی نادروستی بۆ هەڵبەستراوە. ئینجە هەروەها وتی: “دەوڵەتی کۆماری تورکیا نەیتوانیوە بەهای من بپارێزێت. ئەرکی دەوڵەتە بەهای هاووڵاتییەکی کە بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمارە، بپارێزێت. داواکارانی گشتی، ئاسایش و میدیاکان باسیان نەکرد”.
ئینجە، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەو پارەی وەرگرتووە و ناتوانێ بکێشێتەوە و دەست لە بەربژێربوونی هەڵبگرێت، وتی: “داوا لەو نەفس نزمانە دەکەم کە دەڵێن پارەی لە کۆشک وەرگرتووە و ناتوانێت پاشەکشە بکات. من ترسم لەو بوختانانە نییە کە بۆم کراون. 45 رۆژە بەرهەڵستی دەکەم. دوایین خاڵ کە پێیگەیشتوون ئەوەیە دەڵێن: ئەو ناتوانێت بکشێتەوە، چونکە تازە خۆ پارەکە ناگەڕێنێتەوە! دەست لە بەربژێربوونم هەڵدەگرم. ئەمە لەپێناوی نیشتمانەکەم دەکەم. سێیەمین بژاردەم بۆ تورکیا پێشنیاز کرد. گوتم نە جمهوور نە میلـلەت، تاکەڕێگە مەملەکەت. گوتم نە راستڕەو نە چەپڕەو، بەڵکو رێگەی ئەتاتورک. هەوڵی کردنەوەی رێڕەوێکم دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین”.
ئینجە رووی دەمی کردە ئۆپۆزیسیۆن و وتی: “با بیانوویان نەمێنێت، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن بدۆڕێنن، بەیانییەکەی تەواوی تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ئێمە. با هیچ بیانووێکیان نەمێنێت. من لە هەر ماڵێک دەنگێکم بۆ پارتی مەملەکەت دەوێ. لە بەربژێربوونم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکشێمەوە”.