سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی، داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا دەڵێت: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسیەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە بانگەوازەکەی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوەی خستەڕوو، کە ئیرادەیەكی بەھێز ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر.
ھەروەھا سەرۆك بارزانی سوپاسی پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتدەكاتەوە كە ھەموو ھەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا کورتەیەکی لە مێژووی بارزانییەکان خستەڕوو و تێیدا باسی لەوەکرد، زۆر لەسەر بارزان نووسراوە و وتراوە، ناحەزانیش نووسیویانە و راستییەکانیان شێواندووە، بەڵام لە ئەرشیفی زۆرێك لە دەوڵەتان دەرکەوت، ئەوەی لە بارزان سەریهەڵدا، بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی دیموکراتخواز بووە و کاریگەرییەکی گەورەشی هەبووە.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا، تەکیەی بارزان لە سەدەی نۆی هیجری لەسەر دەستی باپیرە گەورەی بارزانییەکان (تاجەددین) دروستکراوە و لەهەمانکاتدا لە تەنیشت تەکیەکەدا، قوتابخانەیەکی بۆ فەقیەکان دروستکردووە، گوتیشی: ئەو خۆی عالمێکی زۆر زانا بووە، تەکیە و قوتابخانەکەش لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا کۆچی دوایی کرد، دوای ماوەیەک تەکیە و قوتابخانەکە رادەستی شێخ عەبدولسەلامی یەکەم کرا و ئەویش بەپێی بەڵگەکان، لە زانستە ئایینییەکان شارەزا بووە و لەوکاتەدا دەستی کردووە بە زەمینەسازی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی، بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا و لە ساڵی 1872 کۆچی دوایی کرد.
لەدوای کۆچی دوایی شێخ عەبدولسەلامی یەکەم، کوڕەکەی شێخ محەممەد هاتووەتە جێی ئەو، سەرۆک بارزانی لە باسی ئەو دا دەڵێت: شێخ محەممەد زۆر زاهید و خوداناس بووە و سەرقاڵێ دیانەت و ئیرشاد بووە، بەڵام هەژموونی هێندە گەورە بووە، ئەو سەردەمە دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئەویان بە مەترسی بینیووە و شەڕیان پێ فرۆشتووە، هەربۆیە دەیگرن و دەیبەنە زیندانی بدلیس و دوو ساڵ لەوێ دەبێت، پاشان کە ئازادی دەکەن، لە 1903 کۆچی دوایی دەکات.
هەر سەبارەت بە مێژووی بارزانییەکان، سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: لە دوای شێخ محەممەد، کوڕەکەی شێخ عەبدولسەلامی دووەم رابەرایەتی تەریقەتەکە وەردەگرێت، کە لە سەردەمی شێخ تاجەددینەوە تەریقەتی نەقشبەندیان هەڵبژاردووە.
“شێخ عەبدولسەلامی دووەم، هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام بەرهەمی زۆر بوو، ئەو دەستی بە شۆڕشێکی گەورە کرد، کە رەنگە 100 ساڵ پێش سەردەمی خۆی بێت، ئەو چاکسزاییەکی بنەڕەتی کرد و رێبازی بارزانی ناساند” سەرۆک بارزانی لە باسی شێخ عەبدولسەلامی دووەم بەمجۆرە دوا.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: شێخ عەبدولسەلام رێبازی بارزانی بەجۆرێک ناساندووە، هەر کەسێک باوەڕی بەم پرەنسیپانە هەبێت، دەتوانین بڵێین پەیڕەوی رێبازی بارزانی دەکات.
پرەنسیپەکانی رێبازی بارزانیش ئەمانەن:
– خوداپەرستی و خوداناسی، مرۆڤدۆستی، دین رەوشتە
– لە مرۆڤایەتیدا هەمووان برای یەکرترن
– دین و نیشتیمان لەیەکتری جیاناکرێنەوە
– تێکۆشان لەدژی زۆرداران فەرزە
– ژینگەپارێزی پێویستە
– دەبێت ئافرەتان مافیان پارێزراو بێت