جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا جەختی لەسەر کاری پێکەوەیی بۆ سەرکەوتن بەسەر ئالنگارییەکان و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو”.
لە تویتەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، “پێکەوە، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە”.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ دووشەمە 8ـی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کرد.
ئاماژە بەوەشدرا، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، تيشك خراوەتە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.